شێوەزارەکانی کوردیی ناوەندی
+سینا ئەحمەدی - توێژەری زمانەوانیی کۆمپیوتەری لە زانکۆی زووریخ
+ +دەسپێک
+«زمان شێوەزارێکە کە سوپا و هێزی دەریایی هەیە». ئەم وتەیە زۆر جار بۆ پێناسەکردنی «زمان» بەکاردەهێندرێ بۆ تێگەیاندنی ئەوەی کە زمانەکان هەموویان لە سەر بنەماگەلی زمانەوانییەوە نابن بە زمان، بەڵکەم هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان و دۆخی ڕامیاریش کاریگەرییان هەیە. جا هەر بۆیە، چۆنایەتیی پێناسەکردنی کوردی مێژوویەکی دوورودرێژی تێپەڕاندووە و بۆچوونی زۆری لە سەر باس کراوە کە هەموویان لە سەر بنچینەگەلی زمانەوانی و زانستییەوە دانەندراون و دۆخی ژێردەستبوونی کوردیش کاردانەوەی لە لێکدانەوەی زمانی کوردیدا هەبووە. لەم نووسراوەیەدا، شێوەزار وەکوو شێوەیەک لە زمان بەکاردەهێندرێ و مەبەست لە بنزاراوە، لەهجەیە.
+ + +لێکدانەوە و بەراوردکاریی ژاک مۆرگان لە ساڵی ١٨٩٩ لە سەر وشەی «هەڵۆ» و «داڵەکەرخۆر» لە شێوەزارە جیاوازەکاندا. کۆکردنەوەی پێدراوە لە سەر شێوەزارەکان کارێکی ئاستەنگە. سەرنجی هەڵەکان بدەن لە وشەی «بەقلەمووت» (لە باتیی «بۆقلەمووت» بۆ «قەل») کە بە هەڵە بۆ «داڵەکەرخوەر» بۆ ئەردەڵانی دایناوە و «قشقەڕە»شی بە هەڵە بۆ «هەڵۆ» بۆ شێوەزاری سلێمانی داناوە.
+لێکۆڵینەوە کۆنەکان لە سەر زمانی کوردی، کە زۆربەیان دەگەڕێنەوە بۆ سەرەتای سەدەی ٢٠ەم وەک کارەکانی (D. N. MacKenzie, 1961) یان (Jacques Morgan, 1904)، تێگەیشتنێکی کەم سۆمایان لە کوردی بۆ خستووینەتە ڕوو، هەر لە پێناسەکران وەکوو «شێوەزارێکی تێکدراو و لاروخواری فارسی»ەوە هەتا دابەشکران و لێکدانەوەی بنزاراوەکانی. کوردیش، وەکوو زنجیرەزارێک، دەوڵەمەندە لە شێوەزارەکاندا. باسی نەبوونی دەسەڵاتی کوردیش بابەتەکەی هێندەی دیکە ئاڵۆز کردووە کە هەتا ئێستە باسی پۆلێنکردنی هەورامی، زازاکی، لەکی و لوڕی ڕێکەوتنی لە سەر نییە. لە لایەکی دیکەشەوە، زۆربەی لێکۆڵینەوەکان لە سەر شێوەزارناسیی کوردی، تەنانەت ئەوانەی کە کورد بۆخۆیان کردوویانن، لە سەر بناغەیەکی هەموولایەنەی شێوەزارەکان لە ناوچەکەدا دانەنێژراون لەبەر ئەوەی شارەزایی لە سەر هەموو شێوازەکانی ناوچەکەدا بە بەربڵاوی لە بەردەستدا نەبووە. تەنانەت ئێستەش کە کوردیی ناوەندی و کوردیی سەروو (کورمانجی) ستانداردیان هەیە، دۆخی نووسینەوە بە شێوەزارەکانی دیکە، زۆر باو نییە و بۆیەش، پێدراوەی نووسراوی بەرچاومان بۆ شێوەزارەکانی تر لە بەردەستدا نییە. بۆ نموونە، وابزانم تەنیا سەرچاوەیەکی نووسراو لە سەر ئەردەڵانی، کتێبی «شارەکەم سنە» بێ، لە بەر ئەوەی ئەردەڵانی ئاخێوی کوردینووس، ستانداردەکە لە نووسیندا بە کار دێنێ نەک ئەردەڵانی. تەنانەت، ڕێکەوتن لە سەر شێوازی نێولێنانی شێوەزارەکان بە دی ناکرێ. لێرەدا، هەندێک نموونەتان بە کورتی بۆ باس دەکەم:
+ +-
+
- گیو موکریانی، لە پێشەکیی فەرهەنگی کوردستاندا (گیو موکریانی, 1999)، باسی چوار شێوەزار بۆ کوردی دەکا:
+
-
+
- ١) کوردیی ژووروو +
- ٢) کوردیی نێوەڕاست +
- ٣) کوردی ژێروو +
- ٤) کوردی ناوچەیی +
+ - محەمەدی خاڵ (شێخ محەمەدی خاڵ, 1960) لە پێشەکی فەرهەنگی خاڵدا باسی چوار شێوەزاری
+
-
+
- ١) زازا +
- ٢) کرمانجی دەستە چەپ +
- ٣) کرمانجی دەستە ڕاست، کە بریتییە لە سۆرانی، بابانی، موکریانی، ئەردەڵانی، کەڵهوڕی و گۆرانی +
- ٤) لوڕی کە پێکهاتووە لە بەختیاری، لەکی و فەیلی +
+ - ئەمیری حەسەنپوور (Amir Hassanpour, 1992) کوردی لە چوار لقاندا پۆلێن دەکا:
+
-
+
- ١) کورمانجی +
- ٢) سۆرانی +
- ٣) کرماشانی +
- ٤) هەورامی +
+ - مهردادی ئیزەدی (M. Izady, 1992) کوردی دەکا بە دوو لقی سەرکەی:
+
-
+
- ١) لقی کورمانجی کە پێکهاتووە لە کورمانجیی سەروو و کورمانجیی خواروو یان سۆرانی +
- ٢) لقی پاڵەیی کە پێکهاتووە لە زازا و گۆرانی کە هەورامی و لەکیش لە خۆ دەگرێتەوە +
+ - مەکنزی لە کارە مەزنەکەیدا (D. N. Mackenzie, 1961) ئاوڕ لە سەر هەندێک شێوەزار دەداتەوە کە لە دوو لقیی سەرەکیدا پۆلێنی کردوون:
+
-
+
- ١) گرووپی یەک: سلێمانی کە شێوەزارەکانی وارماوا، بنگرد، پشدەر، موکری، هەولێر، ڕەواندز و خۆشناو لە خۆ دەگرێتەوە +
- ٢) گرووپی دوو: سوورچی کە شێوەزارەکانی ئاکرێ، ئامێدی، بەرواری ژۆر و زاخۆ دەگرێتە بەر +
+
دڵنیام زۆر وتار و لێکدانەوەی دیکەش هەن کە لێرەدا ناگونجێ باسیان بکەم. بەڵام هەر ئەوەندە بلێم کە سێ کێشەی سەرەکی لەم لێکدانەوەیاندە هەیە:
+ +-
+
- زۆربەیان سنووری جووغرافیی شێوەزارەکانیان دیاری نەکردووە: واتە، «کوردی ناوچەیی» و «کرماشانی»، بۆ نموونە، چ ناوچەگەلێک دەگرنەوە بە وردی؟ هەڵبەت خۆلادانی زۆربەی لێکۆڵێنەران لە کوردیی خوارین شتێکی نوێ نییە کە هەتا ئێستەش لێکۆڵینەوەی ئەوتۆی لە سەر نەکراوە. +
- پێوانەی پۆلێن کردنەکان نادیار و ناکۆکن: واتە، لە زۆربەی لێکۆڵینەوەکاندا، نازاندرێ لە سەر چ بنەمایەک بڕیارەکە دەدرێ کە بتواندرێ بە شێوازی زانستی لە سەر پۆلێنەکاندا بڕیار بدرێ و پشت بە چ هۆکارانێک دەبستدرێ، وەکوو دەنگناسی، وشەسازی یان تێگەیشتنی دوولایەنە. +
- ئاڵۆزی نێوەکان شێوازی نێولێنانی شێوەزارەکانیش لەخۆیدا دەبێتە هۆی سەرلێشێوان، هەروەک بەکارهێنانی «سۆرانی» وەکوو شێوەزاری ناوچەی سۆران یان بۆ ناسینەوەی «کوردیی ناوەندی» وەکوو شێوەزارێکی سەرەکیی کوردی. +
کەوا بێ، دۆخی شێوەزارناسی بۆ کوردی لە دۆخێکی فەریک و لێڵدا بووە و هەتا ئەم کۆتایییانە، لێکۆڵینەوەکان داڕشتنێکی فرەلایەنەیان بۆ زمانە کوردییەکان ڕەچاونەکردووە (Thomas Jügel, 2014). بەم حاڵەوە، پۆلێن کردنی شێوەزارەکانی زمانە کوردیییەکان قسەی زۆری لە سەر کراوە و وێکڕا وێ دەچێ هاودەنگییەیەک لە سەر دابەش کردنی بە سەر ئەم زارانەدا هەبێ:
+-
+
- کوردیی سەروو یان کورمانجی +
- کوردیی ناوەندی (کە بە هەڵە زۆر جار پێی دەڵێن سۆرانی) +
- کوردیی خوارین کە یەغانەکەی پاندۆڕایە! +
- لەکی +
سەرەڕای پێناسەی کوردانە و تێکەڵاویی مێژوویی و کولتووریی زازاکی و گۆرانی (و هەورامی) ئاخێوان، ئەو زمانانە بە ڕێکەوتن لە پۆلێکی سەربەخۆدا جێگا دەکرێنەوە. لێکدانەوەیەکی ڕخنەگرانە لە سەر شێوەزارناسیی کوردی لە (Haig, Geoffrey and Öpengin, Ergin, 2024)دا باس کراوە. ئامانجی ئەم کورتە وتارە، باس لە سەر شێوەزارەکانی کوردیی ناوەندییە کە هەندێک جار بە هەڵە پێی دەکوترێ «سۆرانی». کوردیی ناوەندی لە بەر جێگەوپێگەی پتەو و بەرچاوی لە میدیا، چاپەمەنی و ڕامیاریی کوردیدا، یەکێک لە شێوەزارە زاڵەکانی زمانی کوردییە کە تەنانەت وشەی «شۆڤینیزمی زمانی»ش بۆ پێناسەکردنی بە کار هێندراوە (Amir Hassanpour, 2010).
+ +پۆلێنی زارەکانی کوردیی ناوەندی
+ +لە دە ساڵی ڕابردوودا هەندێک پڕۆژە و لێکۆڵینەوەی جێگەی سەرنج لە سەر شێوەزارەکانی کوردیی ناوەندی و کوردیی سەروودا کراوە کە وێڕای تێبینییە زمانەوانی و زانستییەکان، پشتی بە پێدراوەوە بەستووە کە لە شێوەی خۆیدا لە لێکۆڵینەوەی زمانەوانیی کوردیدا ناوازەیە. پێشتر بۆ کوردیی سەروو (کورمانجی)، (Ergin Öpengin and Geoffrey Haig, 2014) پۆلێنێکی شێوەزارە جیاوازەکانیی لە سەر بنەمای پێدراوەوە کردووە کە لەم وێنەیەدا دیارە:
+ + +شێوەزارە سەرەکییەکانی کوردیی سەروو (کورمانجی) بە پێی ئۆپەنگن و هەیگ (٢٠١٤): شێوەزاری باشووری ڕۆژهەڵاتی (SEK)، شێوەزاری باشوور (SK)، شێوەزاری باکوور (NK)، شێوەزاری باشووری ڕۆژاوایی (SWK)، شێوەزاری باکووری ڕۆژاوایی (NWK)
+دواتر (Yaron Matras, 2019)یش لە سەر بنکەدراوەی شێوەزارە کوردییەکانی مەنچستر پێداچوونەوەی کردووە لە سەر دابەشکردنی شێوەزارەکانی کوردیی سەروو و ناوەندی و چەند ناوچەی داهێنانی زمانی و ناوەندەکانیانی دیاری کردووە:
+ +-
+
- کوردیی سەروو
+
-
+
- کوردیی سەرووی ڕۆژاوا کە ناوەندەکەی ناوچەی مووشی باکوورە +
- کوردیی سەرووی خوارین کە ناوەندەکەی دهۆکە +
+ - کوردیی ناوەندی
+
-
+
- کوردیی ناوەندیی سەروو کە ناوەندەکەی هەولێرە +
- کوردیی ناوەندیی خوارین کە ناوەندەکەی سلێمانییە +
+
وێڕای ئەو ژێدەرانە کە ئاماژەم پێ کردوون، کتێبی «گۆڕانکارییە پێکهاتەیی و شێوەناسانەیییەکان لە شێوەزارەکانی کوردیدا» (Yaron Matras and Geoffrey Haig and Ergin Öpengin, 2022)یش سەرچاوەیەکی بەسوودە بۆ هەڵسەنگاندنی جیاوازییەکان.
+ + +پۆلێنی شێوەزارەکانیی کوردیی ناوەندی بۆ کوردیی ناوەندیی سەروو و خواریندا بە پێی لێکۆڵینەوەی ماتراس (٢٠١٩)
+کۆکردنەوەی پێداروە و کۆرپسی CORDI
+جا با بێینە جەرگەی بابەتەکەوە! وەکوو زمانەوانی کۆمپیوتەری و هۆگری کوردی، یەکەم پرسیارم لە سەر پرسی هەڵسەنگاندنی شێوەزارەکانی کوردیی ناوەندی دۆخی پێدراوە و هەبوونی کۆرپسە. چەند ساڵ لەمەوپێش کە ئەم پرسیارەم لە خۆ دەکرد، بێجگە لە هەندێک سەرچاوەی نووسراو وەک ئەوەی مەکنزی و بنکەدراوەکەی مەنچستر، شتی دیکەم شک نەدەبرد. ئەم پێدراوانە ١) بە شێوەی ئلکترۆنیکی لە بەر دەستدا نەبوون هەمیشە و ٢) لێڵیی و ناڕاستیی هەندێک لە دەنگ و دەقە کۆمارکراوەکان لە بنکەدراوەکەی مەنچستردا دیار بوو. کۆکردنەوەی پێدراوە بەشێکی گرینگی تەکنۆلۆژیای زمانە کە پێویستی بە کات و هەروەها پارە هەیە. مخابن پشتیوانیی پارە لە بۆ کوردی دەگمەنە و کەوا بێ، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بیرم چوو بۆ ئەو هەموو فیلم و ناوەڕۆکەی کە بە کوردیی خۆمان لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا تۆمارکراون. کەوابێ، بڕیار بوو لە سەر نووسینەوەی ناوەڕۆکی ئەو فیلمانە. لە ماوەی چەند مانگاندا، بە هاوکاری پتر لە ٣٥ بەشداری خۆبەخش، دەقی ٣١١ بەرهەم نووسراوەتەوە و وێکڕا، زۆرتر لە 186 هەزار وتە بە شێوەی دەنگ و دەق لەو شێوەزارانەی کە لە شەش شاری سلێمانی، هەولێر، سنە، مەهاباد، کەلار و سەردەشت قسەیان پێ دەکرێ و لە وێنەکەدا دیاریکراون کۆکراوەتەوە:
+ + +ئەو جێگایانەی کە ناوەڕۆکە تۆمارکراوەکان تێیاندا هەڵگیراون و لە کۆرپسی CORDIدا بە شێوەی دەنگ و دەق کۆکراونەتەوە.
+هەروەها، لەم خشتەیە هەندێک زانیاری لە سەر ژمارەی دەربڕینەکان و درێژییان داندراوە:
+ + + +شێوەزار | +ژمارەی دەربڕین | +درێژی (کاتژمێر) | +تێکڕای وشە | +تێکڕای درێژی (چرکە) | +مێتاداتای ئاخێوەر (%) | +
---|---|---|---|---|---|
سلێمانی | +١١٥,٠٨٣ | +٦٤.٤٤ | +٩.٠٦ | +٢.٣٩ | +٧٨.١ | +
سنە | +١٨,٥٨٤ | +١٨.٥٧ | +٩.٥٣ | +٢.٤٧ | +٨٢.٥٩ | +
هەولێر | +٣٩,٦٧٤ | +١١.٢ | +٧.٧٨ | +١.٦٨ | +٨٩.٦٢ | +
مەهاباد | +٩,٤١٠ | +٤.٣ | +٨.٤٥ | +٢.٢ | +٥٢.٢٨ | +
کەلار | +٢,١٥٠ | +١.٢٢ | +١٠.٩٢ | +٢.٨٨ | +٩٧.٧٢ | +
سەردەشت | +١,١٣٧ | +٠.٤٢ | +٧.٩٧ | +٢.٢٩ | +٥٩.١ | +
کۆ | +١٨٦,٠٣٨ | +١٠٠.١٥ | +٨.٩٥ | +٢.٣٢ | +٧٦.٥٦ | +
کۆرپسی CORDI بە شێوازی کراوە لێرەدا لە بەردەستدایە: https://github.com/sinaahmadi/CORDI
+ +لە سەر ئەم پڕۆژەیە بە وردی لە وتارێکدا باسم کردووە (Ahmadi, 2024) کە لە کۆنفڕانسی «سەرچاوە زمانییەکان و هەڵسەنگان»دا بڵاوکراوەتەوە. ئەو شتەی لای منەوە گرینگە، پۆلێنکردنی کوردیی ناوەندی بۆ سەر کوردیی ناوەندیی سەروو و خوارینە لە بەر ئەوەی پشت بە بەراوردکاریی زمانەوانییەوە دەبەستێ و منیش هەر بەم پێوانەیەوە دەمهەوێ باسێک لە هەندێک لە شێوەزارەکان بکەم و لەم پۆلێنەدا بیانگونجێنم. بەپێی قەبارەی پێدراوەکان، لە سەر چوار شێوەزاری سلێمانی، سنە، هەولێر و مەهاباددا ورد دەبمەوە کە پێدراوەی زۆرتریان لە کۆرپسەکەدا بەردەستە. بەگوێرەی پۆلێنی ماتراس کە لە سەرەوە باسم کرد، پێم وایە ئەم شێوەزارانە دەبێ بەم شێوازە پۆلێن بکرێن:
+ + +ئەو جێگایانەی کە ناوەڕۆکە تۆمارکراوەکان تێیاندا هەڵگیراون و لە کۆرپسی CORDIدا بە شێوەی دەنگ و دەق کۆکراونەوە.
+کە بریتین لە
+-
+
- ناوچەی موکریان کە ناوەندی مەهابادە و شارهكانی شنۆ، نهغهده، پیرانشار، سهردهشت، مههاباد، بۆكان لە خۆ دەگرێتەوە. +
- ناوچەی ئەردەڵان: کە ناوەندی سنەیە و شارەکانی کامیاران، مەریوان، دێولان، دیواندەرە و هەتا سەقز لە خۆی دەگرێتەوە. +
- ناوچەی هەولێر کە ناوەندی هەولێرە و شەقڵاوە، کۆیە، مەخموور، کەسنەزان، ڕەواندز، چۆمان، سۆران و مێرگەسۆر لە خۆی دەگرێتەوە. +
- ناوچەی سلێمانی کە ناوەندی سلێمانییە و چەمچەماڵ، سەید سادق، دووکان، شارەزوور، دەربەندیخان و شارباژێر لە خۆ دەگرێتەوە. +
ئەم لیستە بە هیچ شێوازێک هەموو شێوەزارەکان، وەکوو سۆرانی، شارەزووری، گەرمیانی و جافی، ناگرێتە بەر.
+ +لە درێژەی ئەم وتارەدا، پێم خۆشە تیشک بخەمە سەر هەندێک پرسیار و بە پێی پێدراوەوە وڵامیان دەمەوە:
+-
+
- جیاوازییەکان و لێکچوویییە زمانەوانییەکانی شێوەزارەکانی کوردیی ناوەندی چین؟ +
- کوردیی ناوەندی ستانداردی هەیە؟ +
-
+
بۆ داهاتووی شێوەزارەکان، چ دەبێ بکرێ و چ بەرژەوەندییەک لە حاندیاندا دەبێ هەبێ؟
+
+ - مێژووی لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا +
لەم توێژینەوەیەدا (Jacques Morgan, 1904) باس لە گرنگی ئەم بابەتە کراوە.
+ +بەراوردکاریی شێوەزارەکانی کوردیی ناوەندی
+ +دەنگناسی و ئاخاوتن
+کۆمەڵە دەنگێکی هەمەچەشن لە کوردیی ناوەندیدا بەکاردێت. هەرچەندە ڕێنووسی کوردی فۆنێمیک بێت، بەڵام بە تەواوی پشتگیری لە گۆڕانکارییە فۆنێتیکییەکانی هەموو بنزارەکان لە نووسیندا ناکا.
+ +گۆڕانکارییە فۆنێتیکییە دیارەکان بریتین لەمانە:
+ +-
+
- دەنگی /dʒ/ و /tʃ/: لە کوردیی ناوەندیی خواریندا، دوو دەنگی /dʒ/ وەک لە وشەی «جێگا» و /tʃ/ وەک لە وشەی «چیا» وەکوو /d͡z/ و /t͡s/ دەوترێنەوە. ئەم دوو دەنگە لە نووسیندا بە دوو پیتی ⟨ج⟩ و ⟨چ⟩ نیشان دەدرێن. کەوا بێ، شێوازی وتنی «چی» یان «جاڵجاڵۆکە» لە کوردیی ناوەندیی خوارین و سەروو جیاوازییان هەیە. +
- دەنگی /g/ و /k/: لە کوردیی ناوەندیی سەروودا، دوو دەنگی /g/ وەک لە وشەی «گیان» و /k/ وەک لە وشەی «کێ»، بوونەمەڵاشوویی بە سەردا دێ. ئەم دەنگانە، هەندێک جار وێچوونیان لەگەڵ دوو دەنگی /dʒ/ و /tʃ/ دا هەیە کە بە شێوەی کوردیی ناوەندیی خوارین دەوترێن. بۆیە، بە هەڵە، چەلی وایە دەنووسدرێ «جیان» یان «چێچ» لە باتی «گیان» یان «کێچ». +
- دەنگی /s/ و /z/: لە هەموو شێوەزارەکاندا، بە ڕادەیەکی جیاوازەوە، دوو دەنگی /s/ و /z/ بوونەگەروویییان بە سەر دێ، واتە وەکوو /sˠ/ و /zˠ/ دەوترێن. بۆ بەراوەرد، ئەم دوو دەنگە وەکوو دەنگی دوو پیتی ⟨ص⟩ و ⟨ظ⟩ی عەرەبیدا دێنەوە. کەوا بێ، دەنگی پیتی ⟨س⟩ و ⟨ز⟩ وشەگەلی «سەوز» جیاوازای لەگەڵ وتنی هەر ئەو پیتانە لە وشەگەلی «زەرد» یان «سوێر»دا هەیە. هەر چۆنێ بێ، ئەم دیاردەیە لە شێوەزاری موکریانیدا بەرچاوترە لە هەموو شێوەزارەکان و هێمایەکی زەقە لە نێوان ئاخێوەرانی ئەو ناوچەیە و ناوچەکانی دیکەدا. +
- گناندن دیاردەیەکی فۆنۆلۆژیی دیکەیە کە لە هەموو شێوەزارەکانی کوردیی ناوەندیدا وە بەر چاو دەکەوێ، بۆ نموونە لە وشەگەلی «دەنگ» و «ڕەنگ». لە کوردیی ناوەندیی خواریندا، وێڕای کوردیی ناوەندیی سەروو، دەنگی پیتی ⟨گ⟩ ئاوێتەی گناندنەکە دەبێ. واتە، کەسێکی خەڵکی سلێمانی یان سنە، زۆرتر دەڵێ /dɛŋ/ نەک /dɛŋg/. +
- دەنگی پیتی <ع> و <ح>: لە هەندێک ناوچەی سەر بە موکریان و هەولێر، واتە لە کوردیی ناوەندیی سەروودا، دەنگی پیتی <ع> و <ح> جێگۆڕکێ دەکەن. بۆ نموونە، لە باتی «عەلی» دەکوترێ «حەلی». ئەم دیاردەیە بە گشتی لە کوردیی ناوەندیی خواروودا نییە.ح>ع> +
- سواخی دەنگی پیتی ⟨د⟩: هەندێک جار لە زاراوەکانیی کوردیی ناوەندیی خواریندا دەبیسرێ کە دەنگی پیتی ⟨د⟩ گۆڕانکاری بە سەردا دێ. هەندێک جار دەبن بە «ی» وەک «لێ ئەیا» لە سلێمانیدا، یان بە ناسکی دەکوترێ وەک «د»ی زاگڕۆس کە لە هەورامیدا ماوەتەوە و لە نووسیندا نایە، و هەروەها، هەندێک جار هەر بێژە ناکرێ وەک لە سنەییدا کە دەڵێن «لێ ئا». جیاوازییەکان لە قسەکردنی بەساڵداچووەکاندا ڕوونتر دیارە هەتا لاوەکان. +
سەرەڕای ئەم پێناسە گشتییە، هەندێک بابەت هەن کە تایبەت بە شێوەزارەکانن. لێرەدا بە کورتی هەندێکیان باس دەکەم:
+ +مەهاباد:
+-
+
- بزوێنی لێکدراو گۆڕینی «وێ» بۆ «ێ» وەک «خێن»، «خێ» و «دەخێنم» لە باتی «خوێن»، «خوێ» و «دەخوێنم». ئەم دیاردەیە لە هەندێک وشەدا بە شێوازێکی دیکە خۆی دەردەخا وەک لە «گۆ» (نەک «گێ») بۆ «گوێ». +
- لە شێوازی قسەکردنی هەندێک ناوچەدا، بە تایبەت لە شاراندا، دیاردەیەکی دەبیسدرێ کە وێ ناچێ لە مێژە کە لە کوردیی ناوەندیدا هەبوونی هەبێ. ئەویش کوتنی «ڤ» لە باتی «و» یە. واتە، هەندێک جار دەکوترێ «ڤانێک» و نەک «وانێک». +
هەولێر:
+-
+
- ڕەنگە زەقترین پێناسەی شێوەزاری ناوچەی هەولێر، گۆڕینەوەی «ڵ»ی قەڵەو بۆ «ر» بێ. بۆ نموونە، دەکوترێ «مندار» یان «خار» لە باتی «منداڵ» یان «خاڵ». +
- وەکوو موکریانی، لە هەولێریشدا هەڵسوکەوتێکی جیاواز لەگەڵ هەندێک بزوێنی لێکدراودا دەکرێ، وەک «خین» لە باتی «خوێن» یان «داک» لە باتی «دایک». +
سنە:
+-
+
- لە هەندێک لە ناوچەکانی سەر بە سنە، بە تایبەتی لە ناوچەی لەیلاخدا، هەندێک دەنگ هەن کە بەگشتی لە کوردیی ناوەندیدا نابیسدرێن کەچی لە کوردیی خواریندا هەن. بۆ نموونە، دەنگی پیتی ⟨ۊ⟩ وەک لە وشەی «بۊ»دا لە باتی «بوو». +
- وێڕای سواخی دەنگی پیتی ⟨د⟩، دەنگی ⟨گ⟩ێش هەر ئەو گۆڕانکاریییەی بە سەردا دێ. واتە، «ماگە» (ماوە) زۆرتر لە «مائە» دەچێ هەتا «ماگە» لە کاتی بێژە کردندا. +
سلێمانی:
+-
+
- لە شێوەزاری سلێمانیشدا شێوازێکی هاوشێوەی سنەیی لە سواخدانی پیتی ⟨د⟩دا دەبیسدرێ، وەک وشەی «مەقسەئـ» کە بەڕاستی لە نووسیندا نایە. +
با ئەوەش لە بیر نەکەین کە لە بەر پەرەسەندنی میدیا و خوێندەواریی خەڵک و نەخوێندەواری بە زمانی زگماکی، لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا دەبیسدرێ کە وشەکان بە شێوازێکی ناکوردی بێژە دەکرێن. ئەمە، بە تایبەت، لە تۆرمەی لاودا زۆرتر بەرچاو دەکەوێ. بۆ نموونە، دەنگی پیتی ⟨ێ⟩ لە وشەی “ئینترنێت”دا کورتە و شێوەی کوردانەی بێژە کردنی یان دەبێ “ئینترنت” بێ یان “ئینترنیت”. کەچێ، زۆر جاران کارگێڕیی ئینگلیسی، فارسی و عەڕەبی وای لێکردووین کە بە دەنگی ⟨ێ⟩ی بچووکیشمان لە کوردی زیاد کردووە. ئەمە بۆ دەنگی وشە بیانییەکانیشدا هەیە، وەک شێوەی وتنی وشەی «طموح» وەکوو «طەمووح» لە باتی «تەمووح».
+ +وشەسازی و ڕستەسازی
+وشەسازی و ڕستەسازی دوو بابەتی گرینگن کە لە نێوان شێوەزارە جیاوازەکانی کوردیی ناوەندیدا گۆڕانکارییان بە سەردا دێ.
+ +وشەسازی
+لەم خشتەیەدا هەندێک لە سەرەکیترین پێهاتەکانی وشەسازی لە بنزاراوەکانی سەر بەو ناوچانەم هێناونەتەوە کە بریتین لە:
+ +-
+
- پاشگری کۆ لە هەموو بنزاراوەکاندا «ان» ە بەڵام نەک بە تەنێ. لە پاش ئەم پاشگرە، پاشگری «گەل» زۆرترین بە کار هێنرانی هەیە بەڵام نەک بۆ هەموو شێوەزارەکان؛ لە کوردیی ناوچەی سنەدا، پاشگری «گەل» زۆرتر لە «ان» باوە کەچی لە شێوەزارەکانی دیکەدا، دۆخی بە کارهێنانی جیاوازە. بۆ نموونە، لە موکریانیدا، تەنیا بۆ کۆی هەندێک ئاژەڵان ئەو پاشگرە بە کار دێ وەک «سەگگەل» یان «بەرخگەل». +
- پێشگری بەردەوامی لە هەموو شێوەزارەکانی سەر بە کوردیی ناوەندیی سەروودا، پێشگری بەردەوامی لە کردارەکاندا «دە»یە کەچی لەوانەی خواریندا، «ئە» یە. هەڵبەت، هەڵاوێریش هەیە وەک لە قەڵادزێ کە «ئە» بە کار دێ. +
- ڕەگەزی ناوەکان وێڕای کوردیی ناوەندیی خوارین، لە شێوەزارەکانی کوردیی ناوەندیی سەروودا هێستا نێر و مێ لە ناوەکاندا لێک دەکرێنەوە. بۆ نموونە، دەکوترێ «دەچم بۆ ماڵە ڕزگاری» یان «دەچمە کن زەینەبێ». ئەمە بە تایبەت وەکوو پاشگری ناڕاستەوخۆیی خۆی دەردەخا. کەوا بێ، لە کاتی ڕاستەوخۆدا «ڕزگار کوتی» هیچ نیشانەیەکی ڕەگەزی لەگەڵدا نییە بەڵام لە «کوتمە ڕزگاری»، پاشگرەکە ڕەگەزی ناوەکە دەردەخا. +
- ئیزافە لە هەموو شێوەزارەکاندا وەکوو «ی» یان «ە» دەردەکەوێ و ڕەگەز کاری لێ ناکا. لە شێوەزارەکانی سنەدا، بۆ ئیزافە هیچ مۆرفیمێک بە کار ناهێندرێ مەگەر لە پاش دەنگیلەیەکدا دەرکەوێ؛ واتە «گوڵ سوور» (نەک گووڵی سوور) بەڵام «ساوای ژیکەڵانە». +
- پاشگری -ەوە لە هەموو شێوەزارەکاندا بەو شێوەیە دەردەکەوێ. لە شاری سنەدا (نەک هەموو ناوچەکانی)، زۆرتر «-ەو» دەکوترێ وەک «هاتنەو» (نەک «هاتنەوە»). ئەم پاشگرە لە ناوچەی مەریوان، پێنجوێن و تەنانەت ناحیەی وارماوا بە «ۆ» بێژە دەکرێ، واتە «هاتمۆ» لە باتی «هاتمەوە» (D. N. Mackenzie, 1962) (لاپەڕەی ٨٢). لە سلێمانیشدا، پاشگری «-ەوانێ» هەندێک جار بە کار دەهێندرێ. +
بەشی ئاخاوتن | +ستاندارد | +سلێمانی | +سنە | +مەهاباد | +هەولێر | +||
---|---|---|---|---|---|---|---|
تاک | +پاشگری نەناسراوی | +ناو | +ـێک | +ـێک | +ـێک | +ـێک | +ـەک | +
گوڵێک | +گوڵێک | +گوڵێک | +گوڵێک | +گوڵێک | +|||
کۆ | +ـان / ـگەل | +ـان | +ـان / ـگەل | +ـان / ـگەل | +ـان | +||
گوڵان | +گوڵان | +گوڵگەل / گوڵان | +گوڵان | +گوڵان | +|||
تاک | +پاشگری دیاریکراوی | +ـەکە / ـە | +ـەکە / ـە | +ـەکە / ـە | +ـەکە / ـە | +ـەکە / ـە | +|
گوڵەکە / گوڵە | +گوڵەکە / گوڵە | +گوڵەکە / گوڵە | +گوڵەکە / گوڵە | +گوڵەکە / گوڵە | +|||
کۆ | +ـەکان | +ـەکان | +ـەکان | +ـەکان | +ـەکان | +||
گوڵەکان | +گوڵەکان | +گوڵەکان | +گوڵەکان | +گوڵەکان | +|||
تاک/کۆ | +پاشگری ئاماژە | +ـە | +ـە | +ـە | +ـە | +ـە | +|
(ئەو) گوڵە | +(ئەو) گوڵە | +(ئەو) گوڵە | +(ئەو) گوڵە | +(ئەو) گوڵە | +|||
نێر | +پاشگری ناڕاستەوخۆیی | +∅ | +∅ | +∅ | +ـی | +ـی | +|
(لەگەڵ) ڕزگار | +(لەگەڵ) ڕزگار | +(لەتەک) ڕزگار | +(دەگەڵ) فەرهادی | +(لەگەڵ) فەرهادی | +|||
مێ | +∅ | +∅ | +∅ | +ـێ | +ـێ | +||
(لەگەڵ) زەینەب | +(لەگەڵ) زەینەب | +(لەتەک) زەینەب | +(دەگەڵ) زەینەبێ | +(لەگەڵ) زەینەبێ | +|||
+ | ئیزافە | +ـی / ـە | +ـی / ـە | +∅ / ـە | +ـی / ـە | +ـی / ـە | +|
کوڕی باش / کوڕە باشە | +کوڕی باش / کوڕە باشە | +ماڵ فەرهاد / کوڕە باشە | +کوڕی باش / کوڕە باشە | +کوڕی باش / کوڕە باشە | +|||
پاشگری چاوگ | +کردار | +ـن | +ـن | +ـن | +ـن | +ـن | +|
هاتن | +هاتن | +هاتن | +هاتن | +هاتن | +|||
پێشگری بەردەوامی | +دەـ | +ئەـ | +ئەـ | +دەـ | +دەـ | +||
دەنێرم | +ئەنێرم | +ئەنێرم | +دەنێرم | +دەنێرم | +|||
پێشگری ئەگەرداری | +بـ | +بـ | +بـ | +بـ | +بـ | +||
بنێرم | +بنێرم | +بنێرم | +بنێرم | +بنێرم | +|||
پێشگری نەرێنی | +نەـ /ناـ /مەـ | +نەـ /ناـ /مەـ | +نەـ /ناـ /مەـ | +نەـ /ناـ /مەـ | +نەـ /ناـ /مەـ | +||
نەنێرم | +نەنێرم | +نەنێرم | +نەنێرم | +نەنێرم | +|||
پاشگری «ـەوە» | +ـەوە | +ـەوە / ـەوانێ | +ـەو / ـەوە | +ـەوە | +ـەوە | +||
دەنێرمەوە | +ئەنێرمەوە / ئەنێرمەوانێ | +ئەنێرمەو | +دەنێرمەوە | +دەنێرمەوە | +|||
پاشگری «ـێ»ی ئاوەڵکار | +✓ | +✓ | +✘ | +✓ | +✓ | +||
دەیدەمێ | +ئەیەمێ | +ئەیەم پێ | +دەیدەمێ | +دەیدەمێ | +|||
کلیتیکی «ـیش» | +✓ | +✓ | +✓ | +✓ | +✓ | +||
چاویشی | +چاویشی | +چاویشی | +چاویشی | +چاویشی | +|||
بەراوردی | +ئاوەڵناو | +ـتر | +ـتر | +ـتر | +ـتر | +ـتر | +|
جوانتر | +جوانتر | +جوانتر | +جوانتر | +جوانتر | +|||
هەرەیی | +ـترین | +ـترین | +ـترین | +ـترین | +ـترین | +||
جوانترین | +جوانترین | +جوانترین | +جوانترین | +جوانترین | +
کردار
+زۆربەی کردارەکانی شێوەزارەکانیی کوردیی ناوەندی بە یەک شێوە لە وشەسازیدا گەردان دەکرێن. بەڵام هەندێک جیاوازیی بەرچاو لە نێوانیاندا هەیە کە لێرەدا باسیان لە سەر دەکەم:
+ +-
+
- لە شێوەزاری مەهاباددا، هەندێک جار لە کردارە تێکەڵاوەکاندا، وەک «کار کردن» یان «درۆ کردن»، بەشی ناوەکە دەگەڵ پاشگری «ێ» یان بە شێوەی کۆ دەگەڵ «ان» دا دەردەکەوێ. کەوا بێ، ئاسایی لە شێوەزاری موکریاندا ببیسدرێ بڵێن «کارێ دەکەم» یان «درۆیان دەکا». +
- لە شێوەزاری ئەردەڵانیدا، کردارە تێپەڕەکان کە قەدی ئێستەیان مۆرفیمی «ێن»یان تێدایە، وەک «سووتاندن / سووتێن» یان «دۆڕاندن / دۆڕێن»، ئەو مۆرفیمە وەکوو «ن» دەردەکەوێ. کەوا بێ، دەبیسدرێ بڵێن «ئەسووتنم» (نەک «ئەسووتێنم») یان «ئەیدۆڕنێ» (نەک «ئەیدۆڕێنم»). هەڵبەت ئەمە زۆر تایبەتە بە شاری سنە و لە ناوچەکانی سەر بە سنەدا هەر مۆرفیمی «ێن» بە کار دێ. +
- لە شێوەزارەکانی ناوچەی هەولێر، شێوازی گەردان کردنی کرداری «هەبوون» جیاوازی بەرچاوی هەیە وەک «نیتمان» لە باتی «نیمانە» یان «بی / بیتن» لە باتی «بێ». +
جیاوازییە ڕێزمانییەکان
+ڕەنگە گەورەترین جیاوازیی نێوان شێوەزارەکانی کوردیی ناوەندیدا لە ڕووی ڕێزماندا لە شێوەزاری ئەردەڵانیدا دەرکەوێ. ئرگتیڤ بوون پێناسەیەکی زمانی کوردییە کە بە تێر و تەسەلی قسەی لە سەر کراوە و وێ دەچێ، ئەردەڵانی لەم بابەتەدا کاریگەریی کوردیی خوارینی لە سەردا هەبێ. بۆ نموونە، ئەمانە بە بەراورد دەن: «گرتمیان» بە ئەردەڵانی لە باتی «گرتیانم» یان «بردمن» بە ئەردەڵانی لە باتی «بردیانم».
+ + + +ستانداردی کوردیی ناوەندی
+شتێک کە لامانەوە جێگای پرسە ئەوەیە کە دۆخی کوردیی ناوەندی لە باری ستاندارکردنەوە چۆنە؟ کوردیی ناوەندیی ستاندارد بە گشتی ئاماژە بەو زمانە دەکا کە لە ڕۆژنامەوانی و میدیادا بەکار دێ. هەندێک پێیان وایە کوردی بە گشتی و کوردیی ناوەندی بە تایبەت هێشتا شێوەی ستانداردی بۆ سازنەکراوە. وا بڕوا دەکرێ کە لە نێو بنزارەکاندا، هی سلێمانی بە بەرفراوانی وەکوو شێوەزارێکی ستانداردی کوردیی ناوەندی قبووڵ کراوە (Thackston, Wheeler M., 2006). ئەوە لە حاڵێکدایە کە، بۆ نموونە، پاشگری «وانێ» لە وشەی «هاتمەوانێ»دا کە لە شێوەزاری سلێمانیدا بەکار دێ، لە شێوە ستانداردەکەدا بەکار نایە.
+ +بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازییە وشەیی و ڕێزمانییەکان، وەک لە خشتەی سەرەوە باس کرا، ئەگەر لێکچوونی کوردیی ناوەندیی ستاندارد و بنزارەکانی بە بەراوردکردنی مۆرفیمەکان و وشەمەنیی گشتیدا مەزندە بکەین، لێمان دەردەکەوێ کە کوردیی ناوەندی لە ڕاستیدا شێوەیەکی ستانداردی هەیە کە پڕپێستی هیچ شێوەزارێک نایەتەوە. هەروەک لە وێنەی خوارەوە نیشان دراوە، شێوەزاری سلێمانی نزیکترین شێوەزارە لە کوردیی ناوەندیی ستانداردەوە بە ڕێژەی %٦٥.٦٧، لە کاتێکدا شێوەزاری سنە بە ڕێژەی ٣٩.٣٠% کەمترین لێکچوونی هەیە. بە هەمان شێوە، شێوەزاری مەهاباد لێکچوونی زیاتری لەگەڵ شێوەزاری هەولێردا هەیە بە ڕێژەی %٥٥.٧٢، لە کاتێکدا شێوەزارەکانی سلێمانی و سنە بە ڕێژەی %٥١.٢٤ لە یەکترەوە نزیکترن. کەوا بێ، ئەم زانیارییە لەگەڵ پۆلێنی کوردیی ناوەندیی سەروو و خواریندا کە (Yaron Matras, 2019) باسی کردووە ڕێک دەکەوێ.
+ + +لێکچوونی (بە ڕێژەی سەدی) بنزارە هەڵبژێردراوەکان لە CORDI بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک جیاوازیی ڕێزمانی و وشەیی. کوردیی ناوەندیی ستاندارد بەڕاستی شێوەزارێکی سەربەخۆیە و زۆرترین لێکچوونی لەگەڵ شێوەزاری سلێمانی بە ڕێژەی %٦٥.٦٧ و کەمترینی لەگەڵ شێوەزاری سنەدا بە ڕێژەی ٣٩.٣٠% هەیە. هەروەها، شێوەزارەکانی سنە لە سلێمانی بە ڕێژەی %٥١.٢٤ و مەهاباد لە هەولێر بە ڕێژەی %٥٥.٧٢ لێکچوونیان هەیە. +
+کۆتایی
+ +لەم وتارەدا باسم لە شێوەزارەکانی کوردیی ناوەندی کردووە و بە پشت بەستن بە پێدراوەی زمان و لێکۆڵینەوە نوێکان، هەوڵم داوە وێنەیەکی ڕوونتر لە دۆخی شێوەزارەکانی کوردیی ناوەندی بخەمە ڕوو. لە نێو لێکۆڵینەوە پێشووەکاندا، کێشەی سەرەکی لە پۆلێنکردنی شێوەزارەکانی کوردیدا نەبوونی پێوانەیەکی زانستی بووە کە بتواندرێ لە سەری پێک بێن. هەروەها، بە لێکدانەوەی پێدراوەکانی کۆرپسی CORDI کە لە شێوەزاری باوی چەند شارێکی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆکراونەتەوە، دەتواندرێ بە دڵنیایییەکی زۆرترەوە باس لە سەر پۆلێنی شێوەزارەکاندا بکرێ.
+ +ئامانجی ئەم وتارە تەنیا ناسینەوە و پێناسەکردنی شێوەزارەکان نەبووە بەڵکوو دەرخستنی گرنگی پاراستن و پەرەپێدانی شێوەزارە جیاوازەکانە. لە ڕاستیدا، کوردیی ناوەندی ستانداردێکی هەیە کە لە میدیا و لایەنە فەرمییەکاندا پێی دەنووسرێ و بە کار دێ. بەڵام ئەمە نابێ ببێتە هۆی ئەوەی کە شێوەزارەکان پشتگوێ بخرێن. ئێستە کە دڵنیاین ستانداردی کوردیی مسۆگەرە و گیرساوەتەوە، پێویستە زیاتر گرنگی بە شێوەزارەکان بدرێ و بۆ پاراستن و گەشەپێدانیان هەنگاو بنرێ. هەروەها، لەم سەردەمەدا، تەکنۆلۆژیا دەتوانێ ڕۆڵێکی گرنگ لە پاراستنی شێوەزارەکاندا بگێڕێ. بۆیە پێویستە کار لە سەر ئەوە بکرێ کە تەکنۆلۆژییەکان بتوانن هەموو شێوەزارەکان بناسنەوە و پشتگیرییان لێ بکەن. تەکنۆلۆژیا لە خزمەتی مرۆڤدایە و دەبێ لە هەموو ئەو شێوەزارانە تێ بگا کە خەڵک پێی دەدوێن.
+ +ژێدەر
+ + + +سەبارەت
+ +تەشی وەک پلاتفۆرمێکی ئەکادیمی بۆ توێژینەوە و تۆمارکردنی شێوەزارەکانی زمانی کوردی دامەزراوە. ئەم پلاتفۆرمە سێ بەشی سەرەکی لەخۆ دەگرێت:
+ +ئەتڵەس: بەشی نەخشەکێشان و پیشاندانی دابەشبوونی جوگرافیاییی شێوەزارەکانی کوردیی ناوەندی.
+ +بنکەدراوە: کۆکراوەی داتا و زانیارییەکان سەبارەت بە وشە و دەربڕینەکانی شێوەزارە جیاوازەکان.
+ +تەشیڕێس: کایەیەکی سادەیە کە بە پشتبەستن بە چەند پرسیارێک سەبارەت بە چۆنیەتیی وتنی هەندێک وشە، شێوەزارەکەت دەستنیشان دەکات.
+ +ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە خزمەتکردن و پاراستنی شێوەزارەکانی زمانی کوردییە، بە تایبەت شێوەزارەکانی کوردیی ناوەندی. دان بەوەدا دەنێین کە پێدراوەکانی ئێستامان تەواو نین و هەموو شێوەزارەکانی ناوچەکەیان لەخۆ نەگرتووە. بەڵام بە هیوای ئەوەین کە بە هاوکاریی توێژەران و خەڵکی ناوچەکان، بەرەبەرە پێدراوەی زۆرتر کۆبکەینەوە و بنکەدراوەکەمان دەوڵەمەندتر بکەینەوە.
+ +هەر جۆرە پێشنیار، ڕەخنە و بەشدارییەک لە لایەن ئێوەوە جێگای ڕێز و سوپاسە و یارمەتیدەرمان دەبێت لە گەشەپێدانی زیاتری ئەم پڕۆژەیەدا.
+ +تەشیڕێس
+ + +Select how you say each word in your dialect:
+ زمانەکەت هەڵبژێرە: + کوردیی ناوەندی +بۆ هەر وشەیەک، شێوەی دەربڕینی خۆت لە شێوەزارەکەت هەڵبژێرە:
-